چین خۆی بۆ شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا ئامادە دەكات
چه‌ند حاڵه‌تێكی نوێ تۆمار كراوه
K24 - مینیسۆتا
ده‌سه‌ڵاتدارانی چین دوو رۆژه باسی شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن، ئه‌ویش دوای تۆماركردنی نزیكه‌ی 78 حاڵه‌تی نوێ له پایته‌ختی چین.
به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمز ترسیان له‌وه هه‌یه كه شه‌پۆلی دووه‌می ڤایرۆسه‌كه سه‌رهه‌ڵداته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند حاڵه‌تێكی نوێ تۆمار كراوه له یه‌كێك له بازاڕه‌كانی فرۆشتنی زینده‌وه‌ری ئاوی و به‌رهه‌مه گۆشتییه‌كان له ناوچه‌ی ڤنگتای باشووری چین.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی چین ئاشكرایان كردووه، رۆژی 13ی حوزه‌یران، 6 حاڵه‌ت و رۆژی 14ی حوزه‌یران 36 حاڵه‌ت و 15ی حوزه‌یران 36 حاڵه‌ت تۆماركراون. تێكڕای حاڵه‌ته‌كانیش ناوخۆین و له‌نێو دوو بازاڕدا ئاڵوگۆڕی كردووه.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "به‌شێوه‌یه‌ك له ناوچه‌یه‌كدا گواستراوه‌ته‌وه كه له‌ژێر كۆنترۆڵێكی وردی پارێزگاریدا بووه و پێشتر هیچ حاڵه‌تێكی لێ تۆمارنه‌كراوه".
ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی چین دڵگرانن له‌وه‌ی له دوای ئه‌و هه‌موو رێوشوێنه و تۆمارنه‌كردنی هیچ كه‌یسێك له‌ماوه‌ی مانگێكدا، ئێستا 78 حاڵه‌ت سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
سی ئێن ئێن له راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، كه روون نییه سه‌رهه‌ڵدانی هۆكاری ئه‌و 78 حاڵه‌ته له‌و بازاڕه‌دا چییه، به‌ڵام بۆیان ئاشكرا بوو كه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێوان تووشبووان و بازاڕی شینفادی كه بازاڕێكه 70%ی میوه و سه‌وزه‌ی په‌كین دابینده‌كات.
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرته ناوخۆییه‌كانی چین، ئه‌و بازاڕه به‌شێوه‌یه‌ی كۆ، گۆشتی مانگا‌و به‌راز و زینده‌وه‌ره ئاوییه‌كانیشی لێده‌فرۆشرێت.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی گاردیان-یش دوو كه‌س له‌وانه‌ی تووشبوون فه‌رمانبه‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی گۆشتی چین-ین كه په‌یمانگایه‌كه له هه‌مان ناوچه‌یه بۆ توێژینه‌وه‌ی خۆراك. به‌ڵام ئه‌وانی دیكه فه‌رمانبه‌ر و شۆفێرن و په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان هه‌یه له‌گه‌ڵ كرێكارانی بازاڕه‌كه.
دوێنێ 14 ی حوزه‌یران بازاڕی شینفادی داخرا و به‌دوای ئه‌ویشدا 11 كۆمه‌ڵه دوكان له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌ی ڤنگتای 9 قوتابخانه و باخچه‌ی ساوایان-یان داخستووه.
گاردیان ده‌شڵێت: "139 كه‌س كه په‌یوه‌ندیان به‌و كه‌سانه‌وه هه‌یه خراونه‌ته نێو كه‌ره‌نتینه‌وه". ده‌سه‌ڵاتدارانی چین به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاون 5 هه‌زار كه‌سیان ده‌ستنیشانكردووه بۆ پشكنین له‌نێو بازاڕه‌كه و ده‌وروبه‌ری بازاڕه‌كه.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی لۆس ئه‌نجلس تایمز، توێژه‌ره‌وه‌كان 40 سمپلی ڤایرۆسه‌كه‌یان له بازاڕی شینفادی وه‌رگرتووه كه تێیدا ده‌ركه‌وتووه له رێگه‌ی ماسی سه‌له‌مۆن-ه‌وه تووشبوون. هه‌ربۆیه دوابه‌دوای ئه‌وه له‌ته‌واوی بازاڕه‌كانی په‌كین-دا هه‌مووی ماسی سه‌له‌مۆن كۆكرایه‌وه‌و قه‌ده‌غه‌كرا به‌وانه‌شه‌وه كه پێشتر ئاماده‌كرابوون.
ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID-19 گرووپێكن له ڤایرۆسه درمییه‌كان. ئه‌م ڤایرۆسه به به‌رده‌وامی خۆی نوێده‌كاته‌وه، تا له ئه‌نجامدا له‌مانگی 11ی 2019 ڤایرۆسێكی نوێ-ی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵدا به‌ناوی كۆرۆنا ڤایرۆس سارس- 2، له‌شاری وۆهان-ی كه‌رتی هێبی وڵاتی چین. تا رۆژی 15ی حوزه‌یران، 7ملیۆن و 947 هه‌زار كه‌س له‌جیهان تووشی نه‌خۆشییه‌كه بوون و زیاتر له 435 هه‌زار و 500 كه‌سیش مردوون.