سوپای ئۆکرانیا: ڕووسیا بە درۆنی ئێرانی هێرشێکی فراوانی کرد
سوپای ئۆکرانیا: 57 درۆنی شاهیدی ئێرانیمان خستووەتە خوارەوە

سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو سوپای ڕووسیا بە درۆنی دروستکراوی ئێران لە چەند بەرەیەکەوەی هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک بەڵام توانیویانە شکست بە هێرشەکان بهێنن.
ئاژانسی هەواڵی Ukrinform بڵاوی کردووەتەوە، شەوی 20ی کانوونی دووەمی 2024، 57 درۆنی ڕووسییان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز خستووەتە خوارەوە و بە پارازێتی ئەلکترۆنی توانیویانە ڕیگریی لە هێرشی 56 درۆنی دیکەش بکەن و شکست بە هێرشە درۆنییەکەی ڕووسیا بهێنن.
هەروا هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە "هێزەکانی ڕووسیا، کاتژمێر 7ی ئێوارەی 20 ی کانوونی یەکەم، بە مووشەکێکی سیستەمی S-400 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی دۆنیتسک، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە."
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا، ڕووسیا بە 113 درۆنی جۆری شاهیدی دروستکراوی ئێران، پەلاماری ناوچەکانی بریانسک، میلروفو، ئوریوڵ، کورسک و پریمورسکۆی داوە.
لە 24ی شوباتی 2022، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێ کردووە و سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە، بەڵام ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا چەند جارێک جەختی لە ڕێگەی دیپلۆماتی کردووەتەوە بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگەی وڵاتەکەی وێران کردووە.