قەتەر هەڕەشەی ڕاگرتنی غاز لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات

یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، قەتەر هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی غاز بۆ یەکێتیی ئەورووپا دەکات، ئەگەر وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە یاسایەکی نوێ دەربارەی کار و زیانەکانی ژینگە جێبەجێ بسەپێنن.

سەعد ئەلکەعبی، وەزیری وزەی قەتەر هۆشداری دا لەوەی وڵاتەکەی دابینکردنی غازی شل بۆ یەکێتیی ئەورووپا ڕادەگرێت، ئەگەر "قەتەر ئینێرجی" سزا بکرێت بەهۆی پێشێلکردنی ستانداردەکانی بەردەوامیی کۆمپانیاکان.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز نووسیویەتی: "سەعد ئەلکەعبی، وەزیری وزەی قەتەر ڕایگەیاندووە، ئەگەر هەر وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا سزا بۆ پابەندنەبوون بەو پێوەرە بسەپێنێت لە ڕێنمایی پشتڕاستکردنەوەی کۆمپانیاکاندا دیاری کراوە، ئەوا دۆحە هەناردەکردنی غازی سروشتیی شل بۆ ئەورووپا ڕادەگرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو ڕێنماییەی پێشتر باسمان کرد داوا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، سزا بەسەر کۆمپانیاکاندا بسەپێنن بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی بەردەوامیی، بە سنوورێک لە 5% کەمتر نەبێت لە کۆی داهاتی جیهانی ساڵانەی کۆمپانیاکە."

وەزیری قەتەر دەشڵێت: "5% داهاتی قەتەر ئینێرجی 5%ی داهاتی دەوڵەتی قەتەرە، بۆیە ناتوانم ئەم بڕە پارەیە لەدەست بدەم، کەس ڕازی نابێت، من ڕازی نابم؛ با سزا بدرێم منیش واز لە دابینکردنی غاز بۆ ئەورووپا دەهێنم."