دادگای کەرخ سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە

دادگای کەرخی بەغدا سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەت کردەوە. 

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخی بەغدا، سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕەت کردەوە."

سەباح سوبحی ئاماژەی بەوەش کرد "دادگاکە زێدەباری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکە، ژمارەیەک بڕیاری ساڵی 2022ـی وەزارەتی نەوتی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە چەند گرێبەستێکی نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە پووچەڵ ڕاگەیاندبوو."

سکاڵاکە لە دژی نۆ کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوو کە بریتین لە: ئەداکس، دانا گاز، دی ئێن ئۆ، گازپرۆم نەفت، جێنێل ئینێرجی، گالف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران و وێستەرن زاگرۆس.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز "دوای بڕیارەکەی دادگا، وەزارەتی نەوتی عێراق ماوەی 30 ڕۆژی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدات، ئەگەر لەو ماوەیە وەزارەت هیچ تانەیەک لە بڕیارەکەی دادگا نەدات، بە تەواوی بابەتەکە دادەخرێت."

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز باسی لەوەش کرد "ئەم بڕیارە دەبێتە هاندەرێکی بەهێز بۆ کۆمپانیاکانی کارا لە کەرتی نەوتی و گازی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سەرمایەی زیاتر بەگەربخەن و کارەکانیان فراوان بکەن، هاوکات هانی کۆمپانیاکانی دیکەش بدات بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و کار بکەن."