حكومەتی ھەرێم ھەوڵی ھەناردەكردنی بەرھەمە خۆماڵییەكان دەدات

جوتیاران بەرھەمە خۆماڵییەكانیان بۆ ساخ نابێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمساڵ بەرھەمێكی زۆری كشتوكاڵی لە كوردستاندا بەرھەمھاتووە، بەڵام ساخنەبوونەوەیان زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە، لە عەلوەی ھەولێر جۆرەھا بەرھەمی كشتوكاڵی لە سەوزە و میوە بۆ فرۆشتن دانراوە، سەرەڕای ھەرزانی نرخەكەی، بەڵام كڕیاری كەمە، جوتیاران داوا لە حكومەت دەكەن بازاڕێكی دەرەكی بۆ بەرھەمەكانیان بدۆزێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بیانی لەسەر ھێڵن، دەیانەوێت بەرھەمەكان ھەناردەی دەرەوە بكەن.

بەشێك لە جوتیاران بەدیار به‌ری رەنج و ماندووبوونیان دانیشتوون و بازاڕیش كزە، سەرەڕای ھەرزانی بۆیان ساخنابێتەوە. بەگوێرەی لیستی بەرھەمە كشتوكاڵییەكانی عەلوەی پارێزگاكانی كوردستان، لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمە كشتوكاڵییە نێوخۆییەكاندا، حكومەت باجی لەسەر بەرھەمە ھاوردەكراوەكان داناوە، بۆئەوەی بازاڕێك بۆ جوتیاران برەخسێت. جوتیارێك دەڵێ: "پەتاتە كیلۆ 250 لەسەرمان دەكەوێت، نازانین بە چەند بیرۆشینەوە زەرەر دەكەین، بەرھەمی بیانی پشتی ئێمەی شكاندووە، ھەموو شتێك ھاوردە دەكرێت".

گوتیشی: "بەرھەمی ئەمساڵمان ھێندە زۆرە سەلە نییە بەرھەمی تێبكەین".

 وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژە بەوەدەكات، زۆربەی بەرھەمە كشتوكاڵییەكان لە عەلوەكاندا خۆماڵین و بەزیادەوە خواستی بازاڕ پڕدەكەنەوە.

حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە كوردستان24ی گوت: "وەك وەزارەت لەسەر ھێڵین، بۆ ئەوەی لە دەرەوە بازاڕێك بۆ بەرھەمی جوتیاران بدۆزینەوە و بەرھەمەكانیان ھەناردە بكەن، بۆ ئەم مەبەستە چەند كۆمپانیایەكیش لەسەر ھێڵن".

Fly Erbil Advertisment