کارکردن لە پارکە نوێیەکەی هەولێر بەردەوامە
کارکردن لە پارکی "ڕەشکین" یەکێكه لە پڕۆژە گرنگەکان و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ڕێژەی سەوزایی شاری ھەولێر، بەردەوامە.
لە پێناو بایەخدان بە سروشت و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان، لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، پارکێکی گەورە بە ناوی "ڕەشکین" دروست دەکرێت.
پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری 116 ھەزار مەتر دووجا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و جگە لە پارک و سەوزایی، چەندان خزمەتگوزاریی تێدایە.
ھیوا سلێمان، ئەندازیاری سەرپەرشتی پرۆژەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پارکەکە نافوورەیەکی گەورە، شانۆیەکی ڕوومانی، دوو یاریگەی یاریی باسکە، هۆڵێکی جیم، شوێنی ڕاکردن بە درێژایی 1600 مەتر، شوێنی پاسکیل لێخوڕین بە درێژایی 1600 مەتر، 62 هەزار مەتر، ڕووبەڕێکی زۆری سەوزایی و چەندان داری گەورە و بچووکی تێدایە."
بودجەی پرۆژەکە، ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە کە نزیکەی 15 ملیار دینارە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر بە کوردستان24ـی گوت: "پرۆژەکە لەسەر زیاد کردنی ڕێژەی سەوزای و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، کاریگەریی گەورەی دەبێت."