ئەمەریکا سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە سووریا کوشت

ژمارەیەک سەربازیی ئەمەریکی لە سووریا (وێنە: AFP)
ژمارەیەک سەربازیی ئەمەریکی لە سووریا (وێنە: AFP)

ئەمەریکا لە بۆمبارانێکدا سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە بیابانەکانی دێرەزووری سووریا کوشت کە حەوت ساڵ کاری هەواڵگیریی کردووە.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەیان گوتووە "یەکێک لەو کەسانەی لە بۆمبارانی دوێنێ سێشەممە 24-12-2024ـی ئەمەریکییەکان لە بیابانەکانی دێرەزووری سووریا کوژراوە (ئەبو وەهاب عێراقییە) کە یەکێک بوو لە سەرکردە باڵا و دیارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش."

بە گوێرەی هــــەمان سەرچاوە، ئەبو وەهاب عێراقی، ماوەی حەوت ساڵ وەک بەرپرسی هەواڵگریی داعش لە دێرەزوور کاری کردووە و پێشتریش رۆڵی گەورەی لە هێرشی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر نەینەوا هەبووە.

پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییەیان بۆ سەر داعش، ڕایگەیاندبوو  "هەڵمەتەکە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوامی فەرماندەیی ناوەندییە بە هاوکاریی لەگەڵ هاوبەشەکانی ناوچەکە، بۆ پەکخستنی و لاوازکردنی هەوڵە تیرۆریستییەکان لە پلاندانان و ڕێکخستنی هێرش دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی سەربازیی ئەمەریکا، هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە و دەرەوەی ئەو وڵاتە."