ڕۆژنامەی سەباح: داوای دەم پارتی بۆ بینینی ئۆجەلان قبووڵ کرا
ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکوومەتی تورکیا ڕایگەیاند، داوای دەم پارتی بۆ بینینی ئۆجەلان قبووڵ کراوە و لەوانەیە ئەمڕۆ یان سبەینێ دیدارەکە بکرێت.
ڕۆژنامەی "سەباح" کە نزیکە لە حکوومەتی تورکیا، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-12-2024، وەزارەتی داد، داوای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ بینینی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی قبووڵ کردووە".
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لەوانەیە دیدارەکە ئەمڕۆ یان سبەینێ هەینی، 27-12-2024، بکرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو شاندەی لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە ئۆجەلان دەکەوێت، لە سیری سورێیە ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، پێک هاتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە دیدارەکەی دەم پارتی و ئۆجالان دوای پەسەندکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی ساڵی 2025 بەڕێوە بچێت.
پێشتر، ڕۆژی سێشەممە، 03-12-2024، شاندێکی دەم پارتی بە یاوەری دەیان سیاسەتمەدار و چالاکوانی باکووری کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی تورکیایان کرد و داوای دیدارێکیان لەگەڵ ئۆجەلان کرد.
کۆتا دیدار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان
ڕۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان؛ لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە مامی کەوت.
لە دیدارەکەی نێوانیاندا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازاکەییەوە، پەیامێکی لەبارەی ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: "ئەگەر هەلومەرجەکان لەباربن، من دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی."
لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی عەبدوڵلا ئۆجەلانیش، برازاکەی ئەوەی خستووەتە ڕوو "تەندروستیی باشبوو و سڵاوی گەرمی بۆ هەمووان هەبوو."