دەم پارتی: لەبارەی دیدارەکەی ئۆجەلان ئاگادار نەکراوینەتەوە
دەم پارتی ڕەتی دەکاتەوە وەزارەتی دادی تورکیا ئاگاداریانی کردبێتەوە لەبارەی دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان.
هەر چەندە ڕۆژنامەی "سەباح" کە نزیکە لە حکوومەتی تورکیا، ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی داد، داوای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ بینینی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی قبووڵ کردووە؛ بەڵام دەم پارتی دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک لەبارەی ئەم دیدارە لەلایەن وەزارەتی داد یان لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەوانەیە دیدارەکە ئەمڕۆ یان سبەینێ هەینی، 27-12-2024، بکرێت. ڕوونیشی کردبووەوە، ئەو شاندەی لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە ئۆجەلان دەکەوێت، لە سیری سورێیە ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، پێک هاتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندبوو، لەوانەیە دیدارەکەی دەم پارتی و ئۆجالان دوای پەسەندکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی ساڵی 2025 بەڕێوە بچێت.
پێشتر، ڕۆژی سێشەممە، 03-12-2024، شاندێکی دەم پارتی بە یاوەری دەیان سیاسەتمەدار و چالاکوانی باکووری کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی تورکیایان کرد و داوای دیدارێکیان لەگەڵ ئۆجەلان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان؛ لە زیندانی ئیمرالی چاوی بە مامی کەوت.