ڕووسیا هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات: ڕێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەین
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەن و پێویستیە ئیسرائیلیش هەوڵنەدات ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی لەسەر حیسابی ئاسایش و ئەمنییەتی ئەوانی دیکە دەستەبەر بکات.
پێنجشەممە، 26-12-2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەوەی خستە ڕوو، مۆسکۆ لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە پەیوەندی بەردەوام دایە و دپلۆماتکارانیشی لەو وڵاتە ناکشێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی: "پێشتر ئەحمەد شەرع ڕایگەیاندبوو، پەیوەندییەکانی ڕووسیا و سووریا پەیوەندیی لەمێژینە و ستراتیژین، ئێمەش وەکو ڕووسیا پشتیوانی لەو بۆچوونە دەکەین."
سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا دەربارەی داهاتووی سووریا و ئەمنییەتی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند: "وەکوو ڕووسیا لە نیگەرانییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا تێ دەگەین و کار بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریا دەکەین، بەتایبەت لەبارەی ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە داگیر کراوە و دەستیان بە سەر سەرچاوەکانی نەوتی ئەو وڵاتەدا گرتبوو."
لاڤرۆڤ ئەمەریکییەکانی بە "هەوڵدان بۆ دابەشکردنی سووریا" تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە دا "ئەمەریکا لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی سووریا، هاوکاری و پشتیوانی ئەو رێکخراوانەی دەکرد، کە هەوڵیان بۆ جیابوونەوە لە سووریا دەدا."
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا نیگەرانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل و هاتنەناوەوەیان بۆ ناو خاکی سووریا دەربڕی و باسی لەوە کرد "پێویستە ئیسرائیل هەوڵ نەدات ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی لەسەر حیسابی ئاسایش و ئەمنییەتی ئەوانی دیکە دەستەبەر بکات."