دیمەشق.. شاندێکی عێراقی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ بووەوە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی عێراقی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی نوێی سووریا کۆ بووەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-12-2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەردانی دیمەشقی کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەو شاندە عێراقییە لە کۆشکی "شەعب" لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا کۆ بووەوە.
بە گوتەی عەوادی، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ئاسایش و سەقامگیری لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریا تاوتوێ کرا.
ئــەمە یەکەم سەردانی شاندێکی عێراقییە بۆ سووریا لــە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.