ئەمیرێکی پێشووی قاعیدە کرایە سەرۆکی هەواڵگری گشتیی سووریا

حکوومەتی کاتی و دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنەس خەتابی بە سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری گشتیی وڵاتەکە دەست نیشانکرد، کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، یەکێکە لە ئەمیرەکانی قاعیدە و داواکراوەکان.
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوخۆی سووریا، ئەنەس خەتاب ناسراو بە ئەبو ئەحمەد حدود، لەدایکبووی شارۆچکەی جیرۆدی سەر بە دیمەشقە و لە ئیدلب بەرپرسی ئەمنی گشتیی دەستەی تەحریر شام بووە.
هەروەها ئەو کاتەی تەحریر شام کۆنترۆڵی ناوچەکانی باکووری سووریای کردبوو، بەرپرس بووە لە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر تۆڕە نهێنییەکانی سنووری ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەستەکە.
ئەنەس حەسەن خەتاب لە ئەیلوولی 2014 بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە، خراوەتە لیستی تیرۆر و یەکێکە کە داواکراوەکان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی سزاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەنەس خەتاب لە ساڵی 2014، لە سنووری دیمەشق بووەتە ئەمیری ئیداری بەرەی نوسڕە؛ پێشووتریش لە ساڵی 2013 یەکێک بووە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شورای بەرەی نوسڕە. هاوکات پەیوەندییەکی بەهێزی لە ئەمیرەکانی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق هەبووە، بە تایبەت لە وەرگرتنی هاوکارییە ماددی و داراییەکان، لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پڕچەک کردنی ئەندامانی بەرەی نوسڕە.