نەتەوە یەکگرتووەکان: 13 ملیۆن سووری بە ناچاری بوونەتە پەنابەر

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت: نزیکەی 730 هەزار هاووڵاتی سووری لە کەمپی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئیدلب و دەورووبەری حەلەب لە باکوور دەژین و دووچاری لافاوی بارانی بەخوڕ بوونەتەوە.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای ساڵی 2024، لافاو و ڕەشەبای توند بووەتە هۆی تێکدانی 8800 خیوەتی ئاواران، لەگەڵ ئەوەی نزیکەی هەزار خیوەت بەتەواوی لەناوچوون لەکۆی ئەو 260 خیوەتەی هەیە.
لە ساڵی 2011ـەوە کە ناڕەزایی و خۆ نیشاندانەکان و بەرهەڵستیی دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا دەستی پێکرد، هێزەکانی بەشار ئەسەد جگە لە دەستگیرکردنی سەدان هەزار کەس، زۆرینەی پارێزگا و شارەکانی خۆی بۆمبا باران دەکرد، بۆیە خەڵکی سووریا لەو ماوەیەدا بۆ ناوخۆی سووریا و وڵاتانی دەورووبەر و ئەورووپا ئاوارە و پەنابەر بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، 13 ملیۆن سووری بە ناچاری بوونەتە پەنابەر، لەگەڵ ئەوەی 174 هەزار کەس تەنها لە ساڵی 2023 لەنێو سووریادا ئاوارە بوون، بەمەش کۆی گشتی ئاوارەکانی ناوخۆی سووریا دەگاتە نزیکەی 7.2 ملیۆن کەس، 6.5 ملیۆنی دیکەش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئەو ژمارەیە کارەساتێکی مرۆییمان نیشان دەدات، ئەوەش چیرۆکی شکستێکی گەورەیە.