دەست بە چاککردنەوەی پردی گەلی عەلی بەگ دەکرێت

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە، 28-12-2024، دەست بە چاککردنەوەی پردی گەلی دەکرێت؛ دهشڵێت، تاوەکوو چاک دەکرێتەوە، ڕێگەی بێخاڵ – ڕەواندز له لایهن هاووڵاتییان و شۆفێرانهوه بهكار دههێنرێت.
ههینی، 27ـی كانوونی یهكهمی 2024، خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بەهۆی خۆپێداکێشانی بارهەڵگرێک بە پردەکەی دۆڵی گەلی عەلی بەگ، زەبرێکی بەهێز بەر پردەکە کەوتووە و لە شوێنی خۆی ترازاوە و چەند ئاسن و شێلمانێکی پردەکە زیانی زۆریان پێ گەیشتووە، بۆیە ڕێگەکە داخراوە و لە سبەینێوە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە دەست بە چاککردنەوەی پردەکە دەکرێت.

گوتیشی: ئێستا ڕێگەی هاتوچۆ بۆ بارهەڵگر و هەموو جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێل گواستراوەتەوە سەر ڕێگەی بێخاڵ – ڕەواندوز، جگە لەم ڕێگەیەش دوو ڕێگەی دیکە هەن، یەکێکیان زینی وەرتێیە، بەڵام بەهۆی ئەگەری بەفربارینەوە، ڕەنگە بۆ هاتووچۆ سەخت بێت، ڕێگەکەی دیکەش، ڕێگەی کۆنی سەربازییە و ئەویش بەهۆی خراپی و کۆنییەوە هاتووچۆ پێیدا قورسە.
خوسرەت سادق ڕاشیگەیاند، ڕۆژی شەممە، 28-12-2024، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەردانی دۆڵی گەلی دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هەڵساندن بۆ زیانەکان بکرێت و لە بارەی چۆنێتی چاککردنەوەی پردەکە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت.
هەروهها ئاماژەی دا، تاوەکوو ڕۆژی شەممە، 28-12-2024، دەست بە کارەکان نەکرێت، هیچ بەرچاوڕوونییەک نییە ئاخۆ پردەکە دەبێت چاک بکرێتەوە یان پردێکی دیکە لە شوێنی دروست بکرێت، بۆیە ئەگەر پردێکی نوێ دروست بکرێت، ئەوا کاتێکی زۆری دەوێت.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی هەینی، 27-12-2024، بارهەڵگرێک خۆی بە پردێکی دۆڵی گەلی عەلی بەگدا کێشا و بەهۆیەوە پەڕینەوە بەسەر پردەکە داخراوە و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانیی سۆران، شوفێری بارهەڵگرەکە بە برینداری ڕزگار کراوە و بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خەلیفان گواستراوەتەوە.