پیدرسن: نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە چەند ناوچەیەکی سووریا
گیر پیدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا لە دانیشتنێکی داخراودا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژی لە چەند ناوچەیەکی سووریا.
پیدرسن، جەختی لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی سووریا و وەستاندنی هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی کرد و ئاماژەی بەوەدا "کە بنەما سەرەکییەکانی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕێککەوتنی بەرفراوانی هەیە."
گوتیشی: "دەبێت گواستنەوەی سیاسی لە دەستی سووریادا بێت، لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی حوکمڕانییەکی متمانە پێکراو، نا تائیفی و چاکسازی دەستوری و هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و بەشداریی ژنانیش بێت."
هەفتەی ڕابردوو، پیدرسن داوای ڕێکخستنی هەڵبژاردنی "ئازاد و دادپەروەرانە"ـی لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی ڕاگوزەر لە سووریا دوای نزیکەی سێ مانگ، کرد، هیوای خۆی بۆ چارەسەری سیاسی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری کوردیش دەربڕی.
پیدرسن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان لە سووریا ڕایگەیاند "پێویستمان بە هاوکاری مرۆیی خێرا هەیە، بەڵام دەبێت دڵنیابین لەوەی دەتوانرێت سووریا ئاوەدان بکرێتەوە و دەتوانین شایەتحاڵی بووژانەوەی ئابووری ببین و هیوادارین بۆ بینینی سەرەتای پرۆسەیەک کە کۆتایی بە سزاکان دەهێنێت."
ئەحمەد ئەلشەرع، ناسراو بە "ئەبو محەممەد جۆلانی" فەرماندەی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا، داوای لە پیدرسن کرد بە بڕیارنامەی 2254 نەتەوە یەکگرتووەکاندا بچێتەوە."
لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ پیدرسن لە دیمەشق، لە 15ـی کانوونی یەکەم، جۆلانی داوای کرد بڕیارنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتەدا ڕوویان داوە، نوێ بکرێتەوە.