نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی 60 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە تا ئێستە، نزیکەی 60 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.
کۆمسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی یەکەمەوە تا ئێستە، نزیکەی 60 هەزار پەنابەری سووری لە وڵاتە جیاوازەکانەوە گەڕاونەتەوە سووریا."
کۆمسیاری باڵای کاروباری پەنابەران دەشڵێت: "سووریەکان بەزۆری لە لوبنان، تورکیا و ئوردنەوە گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان، زۆرینەیان دانیشتووی دەرعا، حومس و ڕەقەن."
ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.