دهۆک.. سێیەمین فێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان بەردەوامە
ماوەی چەند ڕۆژێكە سێیەمین فێستیڤاڵ و پێشانگەی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك بەڕێوە دەچێت. نزیکەی 70 کۆمپانیا و خاوەنکار بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سەردانی دەکەن.
لە پێناو پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و برەودان بە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری؛ لە ڕۆژی شەممەوە، 21ی کانونی یەکەمی 2024، بە سەرپەرشتیی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سێیەمین فێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك كرایەوە و تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.
سیهام بەرواری، ڕێكخەری فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێكە لە گۆڕەپانی تەلەفریكی دهۆك، سێیەمین فێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك كراوەتەوە بەمەبەستی ڕاكێشانی گەشتیارانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شاری دهۆک. ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک سەردانی دەکەن. ئەم فێستیڤاڵە تایبەتە بە بۆنەکانی سەری ساڵ، كە کۆمەڵێک کۆمپانیا ئۆفەری تایبەت و داشکاندن پێشکەشی سەردانیکەران دەکەن كە دەكاتە نزیكەی سەدای 30 و سوودێكی زۆر بۆ كەسانی هەژار و دەستكورت هەیە."
كاركەر خەلیل، نوێنەری كۆمپانییەكی بەشدار لە سێیەمین فێستیڤاڵ و پێشانگای بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دهۆك ئاماژەی بەوە کرد: "زۆرینەی وڵاتان لە هەموو سەرساڵێکی نوێ ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ هاووڵاتییانیان ڕێک دەخەن و سوودێکی زۆریان هەیە، چونكە ئەم ماوەیە پشووی سەری ساڵە هاووڵاتیان زیاتر دەلیڤەیان هەیە سەردانمان بكەن، ئێمە لە ڕێی ئەم فێستیڤاڵە دەمانەوێت بەرهەمی كۆمپانیایەكەمان بە خەڵك ئاشنا بكەین."
نوورا هەركی، سەردانیکەری فێستیڤاڵە گوتی: "دەمانەوێت ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە لە هەموو وەرزێك بكرێنەوە. ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی پارێزگای دهۆک لێك نێزیك دەكاتەوە و بەرهەمی کۆمپانیاکان نیشان دەدات كە پێشتر ئێمە ئاشنای زۆرێك لە بەرهەمەكانیان نەبووین."