وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: چاککردنەوەی پردی گەلیی عەلی بەگ دوو هەفتە دەخایەنێت
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، پردی گەلیی عەلی بەگ بە کەڵکی هاتوچۆ نەماوە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش ئاماژەی بەوە کرد، چاککردنەوەی پردەکە لانیکەم دوو هەفتە دەخایەنێت.
بەربەیانی ڕۆژی هەینی 27ی کانوونی یەکەمی 2024، بارهەڵگرێک خۆی بە پردی دۆڵی گەلیی عەلی بەگدا کێشا، زەبرێکی بەهێز بەر پردەکە کەوت، بووە هۆی داخستنی ڕێگای سەرکی نێوان هەولێر و دەروازەی حاجی ئۆمەران.
ئەمڕۆ شەممە، 28 کانوونی یەکەمی 2024، کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە ئەنجامی لێکۆلینەوەکان بۆ ڕووداوەکە، بۆمان دەرکەوت کە مەترسی لەسەر سەدا 85ـی پردەکە هەیە، زیانی زۆری بەرکەوتووە و ناتوانرێت بۆ هاتوچۆ بەکار بهێنرێت."
بە گوتەی بەرێوبەری بەرگریی شارستانیی سۆران: "تیمە ئەندازیارەکان بە مەبەستی چاککردنەوەی، سەردانی پردەکەیان کردووە و دوای لێکۆلینەوەکان، بڕیار لەسەر چاکردنەوە یان گۆڕینی پردەکە دەدەن."
کاروان میراودەلی هۆشداری دەدات "ئەگەر پردەکە زوو چاک نەکرێتەوە، ئەوە مەترسیەکی جیددی دروست دەکات لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و ژمارەی ڕووداوەکان زیاتر دەبن."
لەلایەن خۆیەوە ئاگرین عەبدوڵلا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "ئەگەر پردەکە بگۆڕین، زیاتر لە مانگێک بۆ دوو مانگمان پێویستە، بەڵام بۆ چاککردنەوەی لایەنی کەم دوو هەفتە دەخایەنێت."