کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر: هۆتێل و مۆتێلەکانمان پڕ دەبن لە گەشتیاران
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، گرووپە گەشتیارییەکان بە کۆمەڵ دێنە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان. جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێریش ڕایگەیاند: تاوەکوو سەری ساڵ، هۆتێل و مۆتێلەکانمان پڕ دەبن لە گەشتیاران.
شەممە، 28-12-2024، شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان 24ـی ڕاگەیاند "لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئامادەکاریی تەواومان بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کردووە. سەرجەم هۆتێل ومۆتێلەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، بە باشترین شێوە، پێشوازیی لە گەشتیاران بکەن."
لە شاری هەولێر نزیکەی 500 هۆتێل، مۆتێل و شوێنی حەوانە هەن. وەکوو ئەوەی شوکر عەزیز باسی کرد، چەند لیژنەیەکی هاوبەشیان بۆ چاودێریی ئەو شوێنانە، لە کاتی پێشوازیی لە گەشتیاران، پێک هێناوە.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر پێشبینی دەکات تاوەکوو سەری ساڵ، هۆتێل و مۆتێلەکانی شارەکە پڕبن لە گەشتیاری بیانی و خواروو و ناوەڕاستی عێراق.
ناوبراو باسی لەوەش کرد "چەند ڕۆژێکە پارێزگای هەولێر، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان دەستیان کردووە بە بەڕێوەبردنی چەندان فێستیڤاڵ، چالاکی هونەری و کەلتووری، تاوەکوو زیاتر سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشن."
پێشتریش ئیبراهیم عەبدولحەمید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: بۆ پشووەکانی سەری ساڵ، پێشبێنی هاتنی 200 هەزار گەشتیار بۆ هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کورستان دەکەین.