شێخ مادیح شێخ عوسمانی نەقشبەندی یەکجاری گەڕایەوە هەرێمی کوردستان

بەیانیی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، شێخ مادیح شێخ عوسمانی سیراجەددینی نەقشبەندیی، کەسایەتیی نێوداری ئایینی، بە یەکجاری گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شاندێکی حکوومەتەوە پێشوازیی لێ کرا.
شێخ مادیح تەمەن 85 ساڵ کە پزیشکی خانەنشینە، زیاتر لە 38 ساڵ بوو لە بەریتانیا دەژیا، جار بە جار دەگەڕایەوە هەولێر، بەڵام ماوەی پێنج ساڵ بوو نەگەڕابووەوە.
شێخ مادیح، بە نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "زۆر خۆشحالم و هەستێکی تایبەتم هەیە کە گەڕاومەتەوە هەرێمی کوردستان. زۆر سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ منیان ڕێکخست."
ئەو کەسایەتییە ئایینییە کوڕی ڕابەری کۆچکردووی تەریقەتی نەقشبەندی، شێخ عوسمانی سیراجەددینی نەقشبەندییە. لەبارەی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد "خانەقای بیارەمان هەیە، بۆیە بە پێویستیم زانی بگەڕێمەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆری قوتابیم لەو خانەقایەدا هەیە."
لەلایەن خۆیەوە د. بەشیر حەداد کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شێخ مادح کرد، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: " شێخ مادیح شێخ عوسمانی سیراجەددینی نەقشبەندی، کەسایەتیێکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی دیاری هەرێمی کوردستانە، هەبوونی ئەو گرنگییەکی زۆری بۆ هەموومان هەیە."