وەزارەتی بازرگانیی عێراق جۆرێک لەتکەنۆکی بۆ سلێمانی ناردووە مێشوولە لێی داوە

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە دەست کوردستان24 کەوتووە، دەردەکەوێت ئەو لەتکەنۆکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە، مێشوولە لێی داوە و بە کەڵکی خواردن نایەت.
شەممە، 28ــی کانوونی یەکەمی 2024، کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی کوردستان 24ــی ڕاگەیاند" لەتکەنۆکی ئەمجارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کە وەک بەشەخۆراکی مانگی 12 بۆ پارێزگای سلێمانیی ناردووە، مێشوولە لێی داوە و بەکەڵکی خواردن نایەت. ئەمە لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە، چونکە بەردەوام ئەم کێشەیە دووبارە دەبێتەوە."
کاسترۆ مەعروف گوتیشی: "هیچ مانگێک نەبووە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تەواوی بەشە خۆراکی پارێزگای ئێمەی وەکوو خۆی ڕەوانە بکات؛ بەردەوام یەکێک لە بەشە خۆراکییەکان کێشەی تێدا بووە، تەنانەت لە کێشی هەر فەردەیەک فێڵی تێدا دەکات و کەمتر لەوەی خۆی دەنێرێت."
سەرۆکی پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ بـــە پێویستیشی دەزانێت "نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەدواداچوونی جیددی بۆ ئەم پرسە بکەن و نابێت ئاسایشی خۆراک تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت."