گوندێکی باکووری کوردستان شەش مانگ کەرەنتین دەکرێت
بە هۆی نەخۆشیی هارییەوە، گوندێکی پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان، شەش مانگ کەرەنتین دەکرێت.
محەممەد یاشار، موختاری گوندی تۆکڵو سەر بە شارۆچکەی بەسنی لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ڕۆژی چوارشەممە، 25-12-2024، سەگێکی بەرەڵلا گازی لە منداڵێک گرتووە و دوای پشکنینیش، دەرکەوتووە سەگەکە تووشی نەخۆشیی هاریی بووە."
منداڵەکە، وەکوو ئەوەی موختاری گوندەکە باسی کرد "ناوی ئەحمەد ئوچارە و تەمەنی حەوت ساڵە، کاتێک لە قوتابخانەوە گەڕاوەتەوە، لەسەر ڕێگەکەی سەگ پەلاماری داوە."
موختاری گوندی تۆکڵو باسی لەوەش کرد "دوای پەلامارەکە، منداڵەکە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گوندەکە و تیمار کرا؛ دواتر، بە مەبەستی چارەی زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی پارێزگەی دیلۆکی باکووری کوردستان کرا."
یاشار ئـــــەوەشی خستە ڕوو "بە مەبەستی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بۆ گوندەکانی دەوروبەر، گوندەکە بۆ شەش مانگ کەرەنتین دەکرێت."