ئەمساڵ 100 هەزار دار لە هەولێر چێندراوە

چاندنی ژمارەیەک نەمام لە هەولێر
چاندنی ژمارەیەک نەمام لە هەولێر

ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر پڕ چالاکی بووە و زۆرترین هەڵمەتی  چاندنی دار و گوڵی بەڕێوە بردووە.  

ئەندازیار ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە مانگی سێی ئەمساڵەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چەندان هەڵمەتی چاندنی دارمان دەست پێ کردووە و تاوەکوو ئەمڕۆ،  یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، 100 هەزار دارمان چاندووە."

ڕێبین ئەحمەد، گوتیشی: "بەشێک لەو دارانە لەلایان خۆمانەوە چێنراون، بەشێکی دیکە بە قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانەکان دراون، بەشێکی دیکە پێشکەشی هاووڵاتییان کراون، بۆ ئەوەی زۆرترین دار بچێنرێن."

ڕێبین ئەحمەد باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما، ئامادەکاریی دەکەن بۆ دەستپێکی وەرزی بەهار و ڕواندن، بۆ ساڵی داهاتووش چەندین پرۆژەی تایبەتییان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر.

بەشی زۆری ئەو دارانەی لەلایان بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێرەوە چێندراون ، لە جۆرەکانی: سیسەم، ئەلبیزیا، واشنتۆن، درەخت تەتۆنیان.