جۆرجییەکان لە دژی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، ڕژانە سەر شەقامەکان
یەکشەممە، 29 کانوونی یەکەمی 2024، لە دژی دەستبەکاربوونی میخائێل کاڤێلاشڤلی، وەکوو سەرۆکی نوێی جۆرجیا، هەزاران هاووڵاتی لە تبلیسی ڕژانەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد.
میخائێل، هاوپەیمانیی حزبی "خەونی جۆرجیایە" کە نزیکەی 12 ساڵە پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیە. دوای ئەوەی بووە براوەی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەم، بەهۆی دەنگۆی دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەو کاتەوە خۆپیشاندانەکان لە دژی دەستیان پێ کردووە.
سالۆمێ زورابیشڤیلی، سەرۆکی پێشووی جۆرجیا کە کەسێکی سەربەخۆ و لایەنگیری ئەورووپایە؛ لە گوتارێکدا دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی بە نایاسایی ناوبرد و گوتی: "دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوە و من تاکە سەرۆکی یاسایی وڵاتم."
هاوکات چوار حزبی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیش سەرۆکی نوێ ڕەت دەکەنەوە و بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە.