ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: ژیانی 75 هەزار فەڵەستینی لە مەترسیدایە
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل گەمارۆیەکی 80 ڕۆژی بەسەر باکووری غەززەدا سەپاندووە، بەوەش ژیانی 75 هەزار فەڵەستینی کەوتووەتە مەترسییەوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد "سەرمان سوڕماوە لەو هەڵمەتانەی ئیسرائیل بەتایبەت پەلاماری سەر نەخۆشخانەکەی کەمال عەدوان، کە دوا دامەزراوەی تەندروستیی گەورەی باکووری غەززەیان لە خزمەتگوزاری خست."
ئەمە لە کاتێکدایە بەرگریی شارستانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند "لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر نهۆمی سەرەوەی نەخۆشخانەی وەفا لە ناوەڕاستی شاری غەززە حەوت کەس کوژراون و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکانی فەڵەستین، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە، نەخۆشخانەی تایبەتی عەرەبی مەعمەدانی لە غەززە بۆمباران کرد.
ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەڵەستین (وەفا) لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاوی کردەوە "سوپای داگیرکەر دوایین نهۆمی نەخۆشخانەی مەعمەدانییەی بۆمباران کردووە، کە بە تاکە نەخۆشخانە دادەنرێت، دوای نەخۆشخانەی کەمال عەدوان و سووتاندنی بەشەکانی کە لە خزمەتگوزاری وەستاوە."
ڕۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل هەڵی کوتایە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، پێش ئەوەی ئاگری تێ بەربدات و بە تەواوی لە خزمەتگوزاری پەکی بخات، زیاتر لە 350 کەسی دەستگیر کرد کە لەناو نەخۆشخانەکەدا بوون، لەنێویشیاندا حوسام ئەبوسەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، 180 کارمەندی پزیشکی، 75 کەسی بریندار و نەخۆش لەگەڵ هاوەڵەکانیان.