بەهۆی دۆخی سووریا، دانیشتووانی ئەنبار ترسیان لە گەڕانەوەی داعش هەیە
بەهۆی دۆخی سووریا، هاووڵاتییانی پارێزگای ئەنبار ترسیان هەیە چەکدارانی داعش جارێکی دیکە ببنەوە هەڕەشە بۆ سەریان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ناوچەیەکی فراوانیان لە سووریا کۆنترۆڵ کردووە.
عەبدوڵڵا جغێفی، ڕاوێژکاری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای ئەنبار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "سنوورەکان بە تەواوی گەمارۆدراون و پارێزراون، هێزەکان لەوێ جێگیرن و کەرەستەی سەربازیی تەواویان پێییە. کارەکانی بەباشی بەڕێوە دەچن، ئەوەی پەیوەستە بە زیندانییەکانی باکووری سووریا، بە دووری دەبینم کاریگەری لەسەر عێراق و بەتایبەتی پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا هەبێت."
دانیشتووانی پارێزگای ئەنباری ترسیان لێ نیشتووە، چونکە هێزێکی زۆر براوەتە ناوچەکانیان و ترسی ئەوەیان هەیە دۆخەکە بتەقێتەوە و خەڵکی ناوچەکانیان جارێکی دیکە ببنەوە قوربانی، هاوکات ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانیش دەکەن بۆ ئێشکگریی پارێزگاکە و سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا.
هاووڵاتییەکی پارێزگاکە بە کوردستان24ـی گوت: "ترس لای هاووڵاتییان هەیە سەبارەت بە گەڕانەوەی داعش لە سنوورەکانی سووریاوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد. عێراق هەرچەندە گرنگی بە پاراستنی سنوورەکانی بدات هێندە سوودی بۆی دەبێت."
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "ناوچەکە بەم دواییانە ڕووبەڕووی پێشهاتی ئەمنیی مەترسیدار بووەتەوە، بەتایبەتی ئەنبار کە دەکەوێتە سنووری سێ دەوڵەتەوە و ڕووبەرەکەی فراوانە، خەڵک داوای پاڵپشتی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی سنوورەکەیان بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵدا بێت."