13 ساڵە کەس سەردانی پارکێکی کۆیەی نەکردووە
پارکی هاموون 19 ساڵە دروست کراوە، بەڵام 13 ساڵە کەس ڕووی تێ ناکات
پارکی "هاموون" لە شارۆچکەی کۆیە، ساڵی 2005 دروست کراوە، بەڵام بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری و تێکچوونی بەشی زۆری پارکەکە، چەندان ساڵە کەس سەردانی ناکات و بڕیار وایە، کەرتی تایبەت نۆژەنی بکاتەوە.
بەڵێن ئاودێر، بەرپرسی هۆبەی پارکەکان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی کۆیە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ساڵی 2005وە، ئەم پارکە لەسەر ڕووبەری 14 دۆنم، دروست کراوە. تاوەکوو ساڵی 2011 بەردەوام دانیشتووانی کۆیە سەردانیان دەکرد و کاتەکانیان لەوێ بەسەر دەبرد، بەڵام بەهۆی بێخزمەتییەوە دار و سەوزاییەکەی وشکبوون و تێکچوونە و کەس سەردانی ناکات."
بەڵێن ئاودێر، هێمای بەوەش کرد "کاری نۆژەنکردنەوەی بە کۆمپانیایەک درابوو، بەڵام لەبەر چەند هۆیەک کارەکانی پێ تەواو نەکرا، ئێستاش لە هەوڵداین کەرتی تایبەت کاری نۆژەنی بکاتەوە تاوەکوو وەک جاران ببێتەوە شوێنی حەسانەوەی دانیشتووانی کۆیە."