نیویۆرک.. پاسەوانانی زیندانێک زیندانییەکی کەلەپچەکراو لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکوژن

گرتەکانی کامێرای چەسپکراوی سەر سنگی یەکێک لە پاسەوانانی زیندانێکی نیویۆرک، نیشانی دەدات چۆن پاسەوانەکان، زیندانییەکی کەلەپچەکراو بە شەق و خنکاندن دەکوژن. 
ڕۆبرت برۆکس، ئەو زیندانییەی کە لەلایەن پاسەوانانەوە، لە ژووری پشکنینی زیندانی مارسیی نیویۆرک، بە مست و شەق لێی دەدرێت و هەوڵی خنکاندنی دەدرێت، نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر، کۆچی دوایی کرد.
سەرۆکی پارێزەرانی نیویۆرک ئەو گرتە ڤیدیۆ ترسناکەی بڵاو کردەوە و ئێستە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت.
ماڵباتی برۆکس، داوا لە خەڵک دەکەن ئەو گرتە ڤیدیۆییە ببین و بزانن چۆن کوڕەکەیان بەو شێوە دڕندانە کوژراوە.
پارێزەری ماڵباتەکە، ئەلیزابێت مازۆر، گوتی: "برۆکس بە مەبەستی کوشتن زۆر بە توندی لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەرەوە ئەشکەنجە دراوە، لە کاتێکدا ئەرکی ئەوان پاراستنی ئەو بووە."
دیمەنەکان دەری دەخەن کە چوار لە پاسەوانان لە بە مست و شەق، بۆ ماوەی 30 دەقیقە زۆر بە توندی لە ڕوومەت و سکی برۆکس دەدەن، کاتێک دەستی کەلەپچەکراوە. چەند ئەفسەری دیکەش لە ژوورەکەدا ڕاوەستاون تەماشای دیمەنەکە و ڕوومەتی خوێناویی برۆکس دەکەن. 
هەر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا پاسەوانێک دەردەکەوت توند ملی برۆکسی گرتووە و ناچاری دەکات لەسەر مێزی پشکنین دابنیشێت.
دواتر برۆکس دەبوورێتەوە و دەکەوێتە سەر زەوییەکە. 
ڕووداوەکە ڕۆژی نۆی کانوونی یەکەمی 2024 لە ژووری پشکنینی زیندانی چاکسازیی مارسیی نیویۆرک ڕووی داوە. بەڵام  هەواڵەکە و گرتە ڤیدیۆییەکە دوێنێ 29 ی کانوونی یەکەم، لە پێگەی کەناڵی تەلەفزیۆنیی "سی ئێن ئێن"  بڵاو کراوەتەوە.