سەرچاوەیەک: تەوەرێکی کۆبوونەوەی شەرع و شەتری ئازادکردنی ژمارەیەک چەکدار بووە
زانیاری نوێ لەبارەی سەردانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عێراق بۆ سووریا ئاشكرا دەبێت و بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەک، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئازادکردنی چەند چەكدارێکی زیندانیکراو لە دیمەشق، كراوە.
پێنجشەممە، 26-12-2024، شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا کۆ بووەوە.
تا ئێستا ناوەرۆكی كۆبوونەوەی شەرع و شەتری، لە لایەن هەردوو لا بە ڕوونی باس نەكراوە، بەڵام بە گوێرەی چەند زانیارییەکی دزەپێكراوە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە "گرووپە چەكدارەكان" بووە.
پرسی ئاسایش و پاراستنی سنووری نێوان عێراق و سووریاش باس کراوە، بەڵام سەرچاوەیەک بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، دوای تەواوبوونی گفتوگۆ فەرمییەكان، هەردوولا باسیان لە چەند گیراوێكی گرووپە چەكدارەكان لە دیمەشق کردووە و پێشبینی دەكەین لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا ئازاد بكرێن.
یەكێكی دیكە لە تەوەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، بوونی ڕوفاتی ژمارەیەك عێراقی بووە لە سووریا و جەخت لە هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ڕوفاتەكان کراوەتەوە.
چاوەڕاون دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی یاسادانان لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان بانگهێشتی حەمید شەتری بكات بۆ خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردانەكەیان بۆ سووریا.
میدیاکانی عێراق باسیان لەوە کردووە، سەردانەكەی شاندی عێراق لەژێر گوشاری ئەمەریكادا بووە و بە ئامانجی خۆ گونجاندی عێراق لەگەڵ بارودۆخی نوێی سووریا، هەر بۆیە سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی: "ڕێز لە بڕیاری گەلی سووریا دەگرین."