لەوانەیە سەرۆکی دوورخراوەی کۆریای باشوور بەم نزیکانە دەستگیر بکرێت

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی کۆریای باشوور داوای دەستگیکردنی یۆن سوک یۆل، سەرۆکی لادراوی وڵاتەکەیان دەکات و پێشبینییەکانیش بەو ئاراستەیەن کە بەم نزیکانە دادگای سیئۆل فەرمانی دەسگیرکردنەکە دەربکات.
دووشەممە، 30 کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی لە دۆسیەی بەرپرسە باڵاکان ڕایگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیاری دۆخی سەربازی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، داوای دەستگیرکردنی یۆن سوک یۆل، سەرۆکی دوورخراوەی کۆریای باشوور دەکات، بەڵام یۆن سوک، ڕەتی کردووەتەوە بچێتە بنکەی پۆلیس و ئامادەی لێکۆڵینەوە بێت.
پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئامادە نەبوونی سەرۆکی دوورخراوە بۆ لێکۆڵینەوە، دادگای سیئۆل بڕیاری دەسگیرکردنی ناچاریی بۆ یۆن سوک یۆل دەربکات، ئەمەش دەبێتە یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی وڵات دەربکرێت.
پێشتر، لە 14 کانوونی یەکەمی 2024، پەرلەمانی کۆریای باشوور، بە زۆرینەی دەنگ، بەهۆی ڕاگەیاندنی باری لە ناکاوی سەربازی و تێکدانی دۆخی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەیان، یۆن سوک یۆل، سەرۆکی وڵاتەکەیان لە دەسەڵات دوورخستەوە.