گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و لوبنان دەست پێ دەکەنەوە

بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی و لۆجستی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و لوبنان كراوە.
بە گوێرەی بڕیارێكی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان عێراق و لوبنان دوای ڕاگرتنێكی كاتی، كە نزیكەی سێ ھەفتەی خایاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، دەست پــێ دەکەنەوە و بەمەش پەنابەرانی لوبنانی دەتوانن لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانییەكانەوە بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.
مەناف عەبدولمونعەم، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق ئاماژەی بەوە دا "كۆمپانیاكەیان هەموو ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەكان و گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی ھاووڵاتییانی لوبنانی." ئاماژەی بەوەش كرد "بە گوێرەی پلان و بەرنامەكانیان سەرەتای ساڵی نوێ واتە 1ی كانوونی دووەمی 2024، گەشتی ئاسمانیی نێوان بەغدا و بەیرووت دەست پێ دەكەنەوە."
ھێڵی ئاسمانیی عێراق، داوا لە ھاووڵاتییانی لوبنانی دەكات سوود لەم دەرفەتە وەربگرن كە حەفتانە حەوت گەشت دەبێت و ژمارەی گەشتەکانیش بە پێی قەبارەی خواست و هەڵسەنگاندنی مەرجەکان دەتوانێت زیاد بكرێت.
کۆچى هاووڵاتییانى لوبنانی بۆ عێراق لە مانگی تشرینى یەکەمى ئەمساڵ دەستی پێ کرد، بەهۆى ئەوەى وڵاتەکەیان لە جەنگدا بوو لەگەڵ ئیسرائیل. ئاگربەستى شەڕ لەو وڵاتە لە 27ی تشرینى دووەم کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە و لە كۆی 6 ھەزار خێزانی لوبنانی 2 ھەزاریان گەڕانەوە، بەڵام لەگەڵ پێشھاتەكانی سووریا، داخستنی سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان عێراق و لوبنان پرۆسەكەی پەك خستبوو.