ڕوانگە: ئەفسەرەکانی ئەسەد بۆ ئەفریقا گوێزراونەتەوە
ڕوانگەی سووری ئــاماژەی بەوە کرد، ڕووسیا ئەفسەرانی ڕژێمی ئەسەدی لە بنکەی حمێمیەوە بۆ باکووری ئەفەریقا گواستووەتەوە.
دووشەممە، 30-12-2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ڕووسیا لە بنکەی حمێمیم، لە ڕۆژانی 8 و 13 و 14ـی ئەم مانگە، دەیان ئەفسەری پلە باڵا و کەسایەتیی ڕژێمی بەشار ئەسەدی لە سووریاوە بۆ بنکەیەک لە باکووری ئەفریقا گواستووەتەوە.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەیەک لەو ئەفسەر و کەسایەتییانە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکا و ئەورووپادان.
ڕۆژی یەکشەممە 8ـی 12ـی 2024، دوای ئەوەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا چوونە ناو شاری دیمەشق کۆنترۆڵیان کرد، بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی دەیان ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنرا.