ئاکسیۆس: بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە نهێنی چووەتە سووریا

ئەمەریکا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەستدرێژیی بۆ سەر کەمینەکان گەیاندووەتەوە وەزیری دەرەوەی سووریا.

پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دانیال ڕۆبنشتاین، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا نیگەرانیی واشنتنی گەیاندووەتەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا سەبارەت بەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە  سەر کەمینەکان.

ئاکسیۆس نووسیویەتی: "نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا بە نهێنی سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوا لە بەرپرسانی سووری کراوە بەپەلە ترساندن و دەستدرێژیی بۆسەر کەمینەکان ڕابگیرێت."

بە گوێرەی ئاکسیۆس، وەزیری دەرەوەی سووریا، جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوانەی توندوتیژیان دژی کەمینەکان کردووە، سەر بە دەستەی تەحریر شام نین.