مالیکی: لێکەوتەکانی ڕووخانی ئەسەد ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە دەگرێتەوە

مالیکی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی ڕەت دەکاتەوە و هۆشداریش لە لێکەوتەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەدات. 

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری لەبارەی دۆخی ئێستەی عێراق، پێشهاتەکانی سووریا، شەڕی غەززە، هەڵبژاردنی داهاتوو و چەندان پرسی دیکەی دایەوە. 

لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، مالیکی گوتی: "ئەوەی لە سووریا ڕووی دا جێگەی سەرسوڕمان نەبوو و پێشینەی هەبوو. لە دوای ڕووخانی ئەسەد، ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریادا پێشڕەوی کردووە و لە دیمەشق نزیک بووەتەوە و لوبنانیش گەمارۆ دەدرێت."

  مالیکی دووپاتی کردەوە "دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی سووریادا ناکەن و کار بۆ دابەشکردنیشی نادەن." بەڵام وەکوو خۆی باسی کرد "گەردەلوولی هەڕەشەی دوای ڕووخانی ئەسەد، بەشێکی وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە." 

مالیکی جەختی کردەوە "قبووڵ ناکەین کەس باسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بکات، بە تایبەتی کە دامەزراوەیەکی فەرمییە و پەیوەستن بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە."

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دوای پشووی یاسادانانی پەرلەمان دەخرێتە ڕوو ." گوتیشی: "بەشداریی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردن بۆ پرۆسەی سیاسی پێویستە و ئێمەش هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە."