ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 500 کەس بەهۆی ڕاوی نایاساییەوە دەستگیر کراون

چەکی ژمارەیەک ڕاوچیی دەستگیر کراو
چەکی ژمارەیەک ڕاوچیی دەستگیر کراو

بە گوێرەی ئامارێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 500 کەس بەهۆی ڕاوی نایاساییەوە لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون.

چوارشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیس و دارستانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ساڵی ڕابردوو بەهۆی ڕاوی نایاسایی، زیاتر لە 500 کەسمان دەستگیر کردوون، چونکە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕاو نەبوونە."

 فوئاد ئەحمەد باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی بەهۆی ڕاوی نایاساییەوە دەستگیر کراون، بە بڕی 10 ملیۆن تاوەکوو 25 ملیۆن دیناری عێراقی پێبژاردنیان پێ کراوە، ئینجا ئازاد کراون. گوتیشی: زۆرینەی ئەوانەی دەستگیرکراون، ئاسک، هەڵۆ و ورچیان ڕاو کردبوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی یاسای دەستەی پاراستن و ژینگە، ئەو کەسانەی ڕاو دەکەن، پێویستە چەند مەرجێک ڕەچاو بکەن. ئەوەشی خستە ڕوو "ژمارەیەک ئاژەڵ و باڵندە هەن، بەهۆی مەترسیی لەناوچوونیان، بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی ڕاوکردنیان قەدەغە کراون."