لە سەرەتای ساڵی نوێ، سێ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون
لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا، لە سلێمانی حاڵەتێک و لە هەولێریش دوو حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون. لە هەڵەبجە و دهۆکیش هیچ ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ڕووی نەوداوە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرایی سلێمانی بە کوردستان24ــی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 3:00ــی بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە 1-1-2025، لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی، بەهۆی ڕووداویکی ئاگرکەوتنەوە، دوو منداڵ گیانیان سپارد و مندالێکی دیکەش سووتاوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن."
لە لایەکی دیکەوە شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە دەستپێکی ساڵی نوێیەوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-1-2025، دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمار کراون."
شاخەوان سەعید لەبارەی هەردوو ڕووداوەکە باسی لەوە کرد: "ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی منارە بەهۆی بەتاڵکردنەوەی بەنزین، بەشی پێشەوەی سووتا. هاوکات بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە لە قەزای عنکاوە، ژووری ماڵێک سووتا." لەبارەی زیانەکانیش، گوتی، "هەردوو ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە، تیمەکانی ئێمە خێرا گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکان و زوو کۆنترۆڵ کران."
هاوکات بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، چوارشەممە1-1-2025، بەماڵپەڕی کوردستان 24ــی ڕاگەیاند: "بە درێژایی شەوی ڕابردوو تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-1-2025، هیچ ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکەمان تۆمار نەکراوە."