ئێران خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ترەمپ ئامادە دەکات

ئێران خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئامادە دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش ڕێبەری ئەو وڵاتە دوای چەندان ساڵ، ڕازی بووە پرۆژەیاسای بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە گرووپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ‌ئەی ‌تی‌ ئێف) لە ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا تاوتوێ بکرێت. 

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری وڵاتەکەی ڕازی بووە بۆ تاوتوێکردنەوەی ئەو پرۆژەیاسایانەی پەیوەندییان بە گرووپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ‌ئەی ‌تی‌ ئێف)ـەوە هەیە و هیوای خواستووە لەو ڕێگەیەوە و بە هاوکاریی هاوبەش بتوانن بوار بۆ ئاسانکاریی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی خۆش بکەن.

گرووپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ‌ئەی ‌تی‌ ئێف)، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە، ساڵی 1989 لەلایەن وڵاتانی جی7 دامەزراوە و ئەرکی سەرەکییشی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی داراییی تیرۆریزم و پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژە.

پێشتریش عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری داراییی ئێران، ئاشکرای کرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری وڵاتەکەی ڕازی بووە، جارێکی دیکە بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە کۆنڤێنشنەکانی پالێرمۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان و سی ‌ئێف ‌تی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی داراییی تیرۆریزم لە چوارچێوەی گرووپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ‌ئەی ‌تی‌ ئێف)دا لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تاوتوێ بکرێت.

پێشتر 'پالێرمۆ' و 'سی ‌ئێف ‌تی' لە چوارچێوەی 'ئێف ‌ئەی ‌تی ‌ئێف'دا لە دوو قۆناغدا لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تاوتوێ کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە و لەناو ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیشدا دژی زۆر بوو، پەسند نەکراون.

حەسەن ڕۆحانیش کە سەرۆکایەتیی کابینەکانی یازدە و دوازدەی حکوومەتی ئێرانی دەکرد، چەندین پرۆژەیاسای بۆ بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە گرووپی هەنگاوی تایبەتی دارایی (ئێف ‌ئەی ‌تی ‌ئێف)دا ئامادە کرد کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند کران، بەڵام ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ڕەتی کردنەوە، بۆیە ساڵی 2019 بۆ تاوتوێی زیاتر خرانە بەردەستی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئەو وڵاتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێستەی ئێران، پێی وایە پێویستە وڵاتەکەی ببێتە ئەندامی 'ئێف ‌ئەی‌ تی‌ ئێف' و پەیوەندییە بانکییەکانیان لەگەڵ جیهان ڕێک بخرێتەوە. هاوکات عەلی عەبدولعەلیزادە، ڕاوێژکاری پزیشکیان بۆ کاروباری ئابووریی ئاشکرای کردووە، بڕیاردەرانی باڵای نیزامی ئێران بەو ئەنجامە گەیشتوون ڕاستەوخۆ دانوستانی شەرافەتمەندانە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بکەن و بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان بکەن، چونکە مەرجی سەرەکیی ئابووریی دەریاتەوەر، بوونی ئاشتی و ئارامی و هەڵسوکەوتی بنیاتنەر لەگەڵ جیهانە.

 
 
Fly Erbil Advertisment