لە چەند کاتژمێرێکدا شاری هەولێر لە پاشماوەکانی سەری ساڵ پاک کرایەوە
بەھۆی ئەوەی شەوی ڕابردوو (سێشەممە، 31-12-2024)، ھاووڵاتی و گەشتیارێکی زۆر بەشدارییان لە ئاھەنگ و بۆنەکانی سەری ساڵ لە ناو سەنتەری شاری ھەولێر کرد، زبڵ و خاشاکێکی زۆر کۆ ببووەوە.
نزیکەی کاتژمێر 05:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-01-2025، تیمەکانی شارەوانی و ژینگەپارێزیی شاری هەولێر، لە ماوەی چاند کاتژمێرێکدا ھەموو شوێنەکانیان خاوێن کردەوە و پاشماوەکانیان کۆ کردەوە.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەیی لە شارەوانیی هەولێر بە ڕێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تەنھا لە سەنتەری شاری ھەولیر نزیکەی 20 تۆن زبڵ و خاشاک کۆ کراوەتەوە."
ژیار جەلال باسی لەوەش کرد "ئەمساڵ بە نزیکەیی ڕێژەی سەدا 40 زبڵ و پاشماوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، ئەمەش دەرخەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەییی هاووڵاتییانمانە و جێگەی دەستخۆشییە."