لەبەردەم هۆتێلەکەی ترەمپ لە لاس ڤێگاس ئۆتۆمبیلێکی تێسلا تەقییەوە

ئۆتۆمبیلێکی تێسلا لە جۆری سایبەرترەک لە سەنتەری شاری لاس ڤێگاس لە ویلایەتی نێڤادا، لەبەردەم هۆتێلەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا تەقییەوە و پۆلیسی شارەکە گومان دەکات، کردەیەکی تیرۆریستی بێت.

پۆلیسی لاس ڤێگاس ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لە تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکە بەردەوامە و داواشی لە خەڵکی کردووە لەو شوێنە نزیک نەبنەوە، کە دەکەوێتە بەردەم هۆتێلەکەی دۆناڵد ترەمپ.

بە گوتەی پۆلیس، شۆفێری تێسلاکە لە نێو ئۆتۆمبیلەکەدا مردووە و حەوت کەسی دیکەش لە نزیک تەقینەوەکە بە سووکی برینداربوون.

هەروەها ئاماژەیان داوە، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە، ئەو ئۆتۆمبیلە چۆن تەقیوەتەوە، ئاخۆ بەهۆی بۆمب یان بەهۆی کێشەی ئەلیکترۆنی و تەکنیکییەوە بووە، بەڵام گومانی کردەی تیرۆریستی دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشکەرێک، کە بە ئەندامی ڕێکخراوی داعش ناسێنراوە بە پیکابێکی جۆری فۆرد، خۆی کێشاوە خەڵکی ئاهەنگێڕانی پێشوازیی لە سەری ساڵی نوێی 2025ی زاینی لە شاری نیو ئۆرلیانز لە ویلایەتی لویزیانا، کە لە ئەنجامدا 10 کەس کوژراون و 35 کەسی دیکەش بریندار بوون.