کارگەیەکی بەرھەمھێنانی بۆریی پرۆفایلی ئاسن لە هەولێر، کێبڕکێی کارگەکانی جیهان دەکات

 نزیکەی حەوت مانگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بە گەورەترین کارگەی بەرھەمھێنانی بۆریی پرۆفایلی ئاسن لە عێراق داوە کە لە شاری هەولێر دروست دەکرێت. 

سەرمایەی کارگەکە نزیکەی 21 ملیۆن دۆلارە و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەکرێت و لە چوار بەش پێک هاتووە، بەشێکی تەواو بووە و ئێستە کارکردن لە سێ بەشی دیکەی بەردەوامە. تەواو دۆستی ژینگەیە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی دەستەی وەبەرھێنان کاری تێدا دەکرێت.

 

کارکردن لەنێو کارگەکەدا

 

لەو بەشەی کە تەواو بووە، کارگەکە دەستی بە بەرهەمهێنانی بۆریی پرۆفایلی ئاسنی کردووە و 17 جۆری بۆری بەرھەم دەھێنێت. کە هەموو بەشەکانی تەواو بوون، کارگەکە دەتوانێت زیاتر لە 40 جۆری بۆریی پرۆفایلی ئاسن بەرھەم بهێنێت.

ساڵح ئەحمەد، خاوەنی کارگەکە بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زەویی کارگەکەی دابین کردووە کە ڕووبەرەکەی 25 ھەزار و 500 مەتر دووجایە. هەروەها گشت ئاسانکارییەکانی بۆمان کردووە." 

 

کارکردن لەنێو کارگەکە

 

نزار عەزیز، ئەندازیاری کارگەکە بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "کوالێتیی بەرهەمی کارگەکەمان زۆر بەرزە و لە سەدا 60ـی بەرھەمەکانمان بۆ شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەچێت و دەمانەوێت کێبڕکیێ کارگەکانی دەرەوە بکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2024 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرمایەی زیاتر لە سێ ملیار دۆلار، مۆڵەتی بە 179 پرۆژە داوە کە سەدا 30ـی ئەو پرۆژانە بۆ پیشەسازی و وەبەرهێنان بووە.

 

 

بەرهەمی کارگەکە