نیگارخانەی دڵنیای جوانڕۆ بە 30 وێنە ژیان پیشان دەدات
لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان پێشانگەیەکی وێنەیی بە بەشداریی 22 هونەرمەندی وێنەگر کراوەتەوە، کە هەشتیان پیاون و 14یان ئافرەتن و 30 بەرهەمی وێنەییان نمایش کردووە.
گرووپی وێنەگرانی سریوە کە لە 22 هونەرمەندی وێنەگر پێکهاتوون، ئەم پێشانگەیەیان کردووتەوە.
سەرجەم وێنەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا گیراون و باس لە شێوازی ژیانی خەڵکی کوردستان، بە تایبەت هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای کرماشان دەکەن.
پێشانگەی ژیان لە نیگارخانەی دڵنیای شاری جوانرۆی پارێزگای کرماشان کراوەتەوە بەشی زۆری وێنەکان لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای کرماشان گیراون هەر یەکێک لە وێنەکان دیمەنێک لە ژیان یا جلوبەرگ و دابونەریت و ڕێوڕەسمەکانی خەڵکی ناوچەکە پیشان دەدات.
ئیدریس خوسرەوی زادە، سەرپەرشتیاری گرووپی وێنەگریی سریوە لە بارەی ئەم پێشانگەیە دەڵێ "ژیان دەسپێکێکی شرین و جوانە، کە مرۆڤ بە دڵخۆشییەوە دەستی پێدەکات، بەڵام پڕە لە ڕەنج و ماندوو بوونێکی زۆری دواجار ژیان دەبێتە حەسرەتێک و نیگایەک وەک ئەم وێنانە".
وەک زۆربەی چالاکییە هونەری و مەدەنییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم پێشانگەیەشدا ئافرەتان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە و دەستڕەنگی و کارە هونەرییەکانی نمایش کردووە.
فاتیمە فەخری، وێنەگر دەڵێت: خۆشحاڵم کە توانیومە ئافرەتانی یارسان بناسێنم لە ڕووی جلوبەرگ و کولتوور و ئەم ژیانەی هەیانە، ئەم وێنانەی گرتووم لە کاتی جەژنی نەورۆز بوو، بەڵام توانیومە دیمەنی جوانیان بگرم".
عەزیز ساسڵی، چالاکوانی ڕۆشنبیری دەڵێ: وێنەکان دیمەنی یەک بە یەکی کولتوور و ژیان پیشاندەدات، هەربۆیە داواکارم لە هاووڵاتییان سەردانی پێشانگەکە بکەن و لە نزیکەوە وێنە و دیمەنەکان ببینن.
بەشێک لە وێنەکانی پێشانگەکە بە مۆبایلی زیرەک و بەشێکیشیان بە کامێرای پێشکەوتوو گیراون.
هونەرمەندانی بەشدار هەندێکیان تەنیا ساڵێک ئەزموونی وێنەگرییان هەیە و هونەرمەندی واشیان لەگەڵە زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونی لەم بوارە هونەرییەدا هەیە.
ئەو وێنەگرانە، لە چوارچێوەی بەشدارییان لە خولەکانی ڕاهێنان و فێرکاریی وێنەگریدا، سەردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بە تایبەت گوندەکانی ناوچەی هەورامانیان کردووە و وێنەکانی ئەم پێشانگەیە بەرهەمی ئەم گەشت و گەڕانانەن.