ئاوارەکانی گرێ سپی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان پەلامار دران

کۆمەڵێک لە ئاوارەکانی گرێ سپی لە کاتی گەیشتنیان بۆ شارەکە و هەوڵدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، رووبەڕووی هێرش بوونەوە، ئەوەش بەبێ ئەوەی پێشوەختە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی ئاوارەکانی گرێ سپیدا کرابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەسەر داوای بەرێوەبەرایەتی ناوچەکە، پۆلێک لە ئاوارەکانی گرێ سپی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام لەکاتی گەڕانەوە بۆ شارەکە هێرشیان کراوەتە سەر و هێرشبەرەکان ئۆتۆمبێلەکانیان تێکشکاند و زیانێکی زۆریان پێگەیاند.

هاوکات پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شاری سەرێکانی دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر کۆچپێکردنی زۆرەملێیان لە ناوچەکانیان، لە رۆژی دووشەممە، 10ی ئابی 2026 دەستیپێکرد. سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێکی مرۆیی و ئەمنی، لە سەرووی هەموویانەوە مانگی سووری کوردی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەچوو، بە مەبەستی دڵنیابوون لە ڕێکخستنی کاروانەکە و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ گەڕاوەکان. یەکەمین کاروانی ئاوارەکان کە نزیکەی 650 خێزان (بە سەدان پیاو، ئافرەت و منداڵ بە کەلوپەلەکانیانەوە) لەخۆ گرت، گەشتەکەیان بەرەو شارەکەیان دەستپێکرد.

لە درێژەی هەوڵەکانی گەڕانەوەدا، لە رۆژی دووشەممە، 12ی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا عەبدی، ئەندامی ئەنجوومەنی گەل و ئەندامی تیمی سەرۆکایەتی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ڕایگەیاند کە کاروانێکی دیکەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان. بەپێی زانیارییەکانی، کاروانەکە پێک هاتبوو لە 450 خێزانی ئاوارەی سەرێکانی کە لە حەسەکە نیشتەجێ بوون و دەگەڕانەوە، هاوکات کاروانێکی تری 50 خێزانی ئاوارەی خەڵکی حەسەکە کە نیشتەجێی سەرێکانی بوون، دەگەڕانەوە سەر ماڵەکانیان لە حەسەکە، 

بەم شێوەیە، دوای ئەوەی یەکەم کاروانی ئاوارە کوردەکان گەیشتنەوە ناوچەی سەرێکانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییە گەڕاوەکان لە ناو شارەکەدا رووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە. لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە ئەمنییانەدا، لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانی رایگەیاند، لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ دەرهاویشتەکانی دەکەن، و بە فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیمەشق (لە نێویاندا تیمی سەرۆکایەتی سووریا)، دەزگا ئەمنییەکانی سەرێکانی و ئیدارەی ناوچەکەی بە تەواوی بەرپرسیار کرد. لیژنەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنێکی روونی بەندەکانی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمە لە مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.