فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەرچوو
دادگای لێکۆڵینەوەی سێیەمی کەرخ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان دەرکرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026 لەلایەن دادگاوە دەرچووە، نووسینگەی سەرۆکوەزیران داوای تۆمارکردنی سکاڵا و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە کردووە. ئەم رێکارە لەسەر بنەمای ئەو لێدوانانە بووە کە تێیدا هەڕەشەی دابڕانی پارێزگای میسانی لە دەسەڵاتی فیدراڵی کردبوو، هاوکات مۆڵەتی سێ رۆژی بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری شەیب دیاریکردبوو.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە لێدوانەکانی مستەفا محەمەد حەمید حوقی، وەک نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیران تۆمارکراون. هەروەها ناوەڕۆکی ئەو بەڵگانەی لەلایەن حوقییەوە پێشکەش کراوە، وەک بەڵگەیەک لە پەڕاوی لێکۆڵینەوەکاندا هاوپێچ کراوە.
دادگا بەپێی بڕگەکانی ماددەی 224، بەشی دووەمی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ مستەفا دەعیر دەرکرد. لە چوارچێوەی ئەم رێکارەدا، دادگا داواکاری گشتیی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە.
دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی فەرمانیکرد لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دەعیر حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لەسەر ئەو لێدوانانەی دابووی، بکرێت.
مستەفا دەعیر حەسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نزیک دەروازەی شەیب، مۆڵەتێکی سێ رۆژی بۆ کردنەوەی دەروازەکە دیاریکرد و هەڕەشەی کرد ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، بایکۆتی مەدەنی رادەگەیەنن و هەنگاو دەنێن بۆ دابڕانی پارێزگاکە لە دەسەڵاتی بەغدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم فەرمانە جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە یاسا و پەیڕەوکردنی رێکارە دەستووری و کارگێڕییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکان. دیاریکردنی لێپرسراوێتیی یاسایی لەسەر ئەو لێدوانانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەجێهێڵدراوە.