پێنتاگۆن دەربارەی دەنگۆی دروستکردنی بنکەی سەربازیی لە کۆبانێ هاتە دەنگ

هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا
هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا

سابرینا سینگ، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند،  ئەمریکا هیچ پلانێکی بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازیی لە نزیک شاری کۆبانێ لەسەر سنووری تورکیا، نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە کە تیایاندا دەردەکەوێت ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەرەو کۆبانی دەڕۆن. دەربارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە، پرسیار لە سابرینا کرا کە ئایا هێزەکانی ئەمەریکا بەنیازن بنکەی سەربازیی لەو ناوچەیە دروست بکەن یان نا؟

 لەوەڵامدا گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن گوتی "بەڵێ، هەندێک ڕاپۆرت و پرسیار لەوبارەوە کراون، بەڵام هیچ پلانێکمان نییە بنکەی سەربازیی لە کۆبانێ دروست بکەین، بۆیە، دڵنیا نیم ئەم زانیاریانە لە کوێوە هاتووە."

دەربارەی هەسەدە کە وەک هاوبەشی ئەمەریکا لەناوچەکە هەژمار دەکرێت، ئاماژەی کرد "ناتوانم لەوبارەوە قسە بکەم، هەروەک دەزانن ئێمە هاندەر بووین بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژیەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە."

 باسی لەوەش کرد "ئێمە سەرنجمان لەسەر کارەکانمانە. هۆی بوونی ئێمە لە سووریا، لەناوبردنی داعشە، بەڵام سەبارەت بە هێزە ئەمەریکاییەکان لە کۆبانی، ئێستە هیچ پلان و نیازێک نییە بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی"

دوێنێ هەینی، هەندێک سەرچاوە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاویان کردەوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی نوێن لە نزیک شاری کۆبانی.

هاوکات کەناڵی 'الاخباریة' بڵاوی کردەوە، لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024ەوە، نزیکەی 300 بارهەڵگر کە چیمەنتۆ و مووەلیدەی کارەبا و تانکی سووتەمەنی و تەقەمەنییان هەڵگرتبوو، بەرەو ئەم ناوچەیە ڕۆیشتوون، هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، 50 بارهەڵگر کە ئامێری سەربازی و دروستکردنی باڵەخانەی تێدا بووە، گەیشتووەتە بازگەی 'وەلید' لەسەر سنووری سووریا و عێراق. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment