ئەردۆغان: سەردەمی کانتۆن دروستکردن بە تەواوی کۆتاییهات
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: پەکەکە بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە، جگە لە دانانی چەک.
یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەچوارچێوەی بەشداریکردنی کۆنگرەی پارتەکەی لە پارێزگای ترابزۆن ڕایگەیاند: سیاسەتێکی زۆر ورد پیادە دەکەن و تیرۆر گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، لەبارەی پەکەکەش کە ئێستا تەواوی هەوڵەکان لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی ئەو پارتە بۆ ئاشتی و گەیشتنی کورد بە مافەکانی خۆی لە باکووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە چر کراوەتەوە، لە بەرامبەردا پەکەکە چەک دابنێت، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: پەکەکە جگە لە خۆهەڵوەشاندنەوە بژاردەیەکی دیکەی نییە، دەشڵێت: سەردەمی کانتۆن دروستکردن بە تەواوی کۆتاییهات، ڕێگەش نادەن دیوار بخرێتە نێوان تورک و کورد.
لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024ـی ڕابردوو، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی 28-12-2024 یان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە.
لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ." ئاماژەی بەوەش کردووە "سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیامێکی لەبارەی دیدارەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی، ئەو کاتی بڵاو کردەوە.
باخچەلی سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی بە "دەستپێکێکی خێردار بۆ دیموکراسی و برایەتیی تورک و کورد و پتەوکردنیی ئەو پەیوەندییە" ناو برد.
باخچەلی گوتی "ئێستا کاتی ئەوەیە قسەکان بکرێنە کردار، ئەنجامەکانیشی ڕابگەیەندرێن." باسی لەوەش کردووە "نابێت هیچ هەنگاوێک لە سێبەری تیرۆر بمێنێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بابەتی هەرە لەپێشینەیە بۆ فەراهەمکردن کۆدەنکیی کۆمەڵگە و برایەتیی."