هەڵەبجە..لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس مردن و سێی دیکەش بریندار بوون
پۆلیسی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت: لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر شەقامی ناحیەی سیروان بۆ هەڵەبجە، تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلێکی ئاڵتیما پێکیاندادا و لە ئەنجامدا سێ کەس مردن و سێی دیکەش بریندار بوون.
یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، پۆلیسی هەڵەبجە بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتژمێر شەش و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر شەقامی ناحیەی سیروان بۆ هەڵەبجە، تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری تەکسی ئاڵتیما پێکیان داداوە، بەهۆی ئەو ڕووداوەش، سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلی تەکسیەکە بە ناوەکانی بێستون ئەحمەد حەمە ساڵح تەمەن 51 ساڵ، پەروین محەممەد قادر62 ساڵ، ئەحمەد محەممەد حوسێن 80 ساڵ مردوون، شوفێری تەکسیەکەش بەناوی عەلی عەبدولڵا و شوفێری تراکتۆرەکە بەناوی ئیبراهیم جەبار حوسێن و سەرنشینێکی تەکسیەکە بەناوی ستار جەبار بریندارن.
پەیامنێری کوردستان ئاشکرای دەکات، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لە بنکەی پۆلیسی سیروان بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، سەرجەمیان خەڵکی هەڵەبجەن، دەگوترێت لە سلێمانییەوە هاتوونەتەوە هەڵەبجە، هاوکات بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبەجە و بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا باری تەندروستیان ناجێگیرە، بڕیارە تەرمی ئەوانەی مردوون لە گۆڕستانی گۆڕ غەریبان لە هەڵەبجە بەخاک بسپێردرێن، ئۆتۆمبێلی ئاڵتیماکەش براوەتە پۆلیس بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە بکرێت.