هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆ راناگه‌یه‌نین
سبه‌ی له سلێمانی بڕیاری نوێ ده‌رده‌كرێن
K24 – سلێمانی:
له سلێمانی ئه‌مڕۆ دوو كه‌سی دیكه به كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستدا و ئاماری تووشبووانیش هه‌ڵكشاوه، ئه‌مڕۆش له مزگه‌وته‌كانی سلێمانی نوێژی هه‌ینی به‌رپاكرا. بڕیاریشه سبه‌ی لیژنه‌ی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسلێمانی کۆببێته‌وه بۆ تاوتوێكردنی هه‌لومه‌رجی نوێی ته‌ندروستی شاره‌كه.
له‌و باره‌یه‌وه، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند، سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسلێمانی کۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست بۆ بارودۆخی ئێستای تەندروستی دەردەکەن.
پارێزگاری سلێمانی ره‌تیكرده‌وه قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆ رابگه‌یه‌نرێت و گوتی: قەدەغەی ھاتوچۆی تەواوەتی ڕاناگەیەندرێت، بەڵکو ھەر شوێنێک ببێتە ھۆی درووست بوونی قەرەباڵغی و مەترسی ھەبێت بۆ تەندروستی گشتی دادەخرێت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، په‌یامنێری كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دوو تووشبووی دیكه‌ی كۆرۆنا له سلێمانی گیانیان له‌ده‌ستداوه.
دوێنێش، عەبدوڵڵا سەنگاوی، سەرۆکی لیژنەی بەخاکسپاردنی مردووانی کۆرۆنا رایگه‌یاند، ته‌رمی شه‌ش قوربانی كۆرۆنا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك ده‌كه‌ین و دوو ته‌رمیش ره‌وانه‌ی كه‌لار و هه‌ڵه‌بجه كراونه‌ته‌وه.
له‌و میانه‌یه‌دا، ئێواره‌ی رابردوو، (18ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020) وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سامان به‌رزنجی رایگه‌یاند، تا 18ی مانگ، 2872 كه‌س له هه‌رێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون و له‌و ژماره‌یه 1525 كه‌س له نه‌خۆشخانه‌كان له ژێر چاودێریدان و 82 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه و رێژه‌ی مردن گه‌یشتووه‌ته %3.7.
له باره‌ی سلێمانیشه‌وه گوتی: به داخه‌وه نیگه‌رانین له‌و ره‌وشه‌ی له سلێمانی هه‌یه و %67ی حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون و مردن له سلێمانی تۆمار كراوون. ئه‌مه‌ش جێی نیگه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خودی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
گوتیشی: هه‌ر بۆیه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 2 ملیار دیناری دیكه‌ی بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین ته‌رخانكرد، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته بكرێت له پێناو رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا.
سه‌باره‌ت به رێكاره‌كانی خۆپارێزی، هه‌ریه‌ك له ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك دوێنێ رێكار و بڕیاری نوێیان بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتیان ده‌ركرد و بڕیاریاندا ده‌رگای مزگه‌وته‌كان تا (1ی تهمموز/ یۆلیۆی 2020) به ته‌واوی دابخرێن و نوێژی هه‌ینی و جه‌ماعه‌ت نه‌كرێت. هه‌روه‌ها شوێنه گشتییه‌كان و یانه و چایخانه و هۆڵه وه‌رزشییه‌كان و بازاڕه میلییه‌كان له هه‌ولێر داخران، به‌ڵام له سلێمانی ئه‌مڕۆ نوێژی هه‌ینی له مزگه‌وته‌كان به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاره سبه‌ی رێكاری نوێی خۆپارێزی ده‌ربكرێن.