سەرۆک وەزیران گەیشتە ئەنقەرە و ئامانجی سەردانەکەش ڕاگەیەنرا
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لەو سەردانەدا سەرۆکی حکوومەت، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "لە دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ دەکرێت."
هاوکات ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش لە 20ی حوزەیرانی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ بووەوە.