سبەی شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ کۆ دەبنەوە

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ، لە هۆڵی سەعد عەبدولڵا، شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیان کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر کردیان، کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025،  هەردوو شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە، شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح، شاندی تەکنیکی یەکێتیش پێک دێن لە ڕێواز فایەق، ئامانج ڕەحیم و شاڵاو شێخ سەڵاح، بڕیارە سبەیش کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوامی پێبدەن.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سێیەم کۆبوونەوە بوو بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، یەکەم کۆبوونەوە ڕۆژی 30ـ11-2024، لە سلێمانی و دووەمیشیان لە 17-12-2024 لە پیرمام بەڕێوە چوو، سبەیش چوارەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دەستپێدەکاتەوە.