ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە

چوارشەممە، 08-01-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەییی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکوومەت كۆدەبێتەوە و چەند بڕگەیەك تاوتوێ دەكات.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەكەمدا ڕاپۆرتێك سەبارەت بە بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 لەبەر ڕۆشناییی دواڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و خشتەكانی تەرخانكراویی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتێك سەبارەت بە پشتبەستنی ژمارەی كەسیی بێهاوتا (UPN) و ئەنجامی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا بەرەپێشچوونەكانی پرۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (پرۆژەی سیستەمی پەیرۆڵ)، بە گوێرەی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ دەكرێت.